ژوان

داستانی هیجری من شه‌رحی به‌ نووسین ناکرێ ______ پێت ده‌ڵێم چۆنه‌ ئه‌گه‌ر چاوم به‌ چاوت که‌وته‌وه‌

سه‌رچاوه‌: پێنج خشته‌کی پیتی میم له‌ دیوانی وه‌فایی چاپی ئانا1387

شێعری: مامۆستا وه‌فایی

ئه‌رێ ئه‌ی به‌ زولف و روخسار سه‌نه‌می چین ماهتابم

ده‌مه‌که‌ و خه‌نده‌که‌ و نیگاهت نمه‌ک و مه‌زه‌ی شه‌رابم

من له‌به‌ر نیگاهت بمرم، تۆ سه‌ر و غه‌مزه‌که‌ی جه‌لابم

بڵێ پێم گوڵه‌که‌ی به‌هاری! له‌ تۆ تا به‌که‌ی جودا بم؟

وه‌ره‌وه‌، به‌ شه‌رتی جاران، رۆژی سه‌د جارت فیدا بم


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  جمعه دوم اردیبهشت 1390کاتژمێر 15:25  له‌ لایه‌ن ژوان  | 

دیلانگه‌دیاری

 هۆنراوه‌ی: حه‌میدی شابازی "بێزار"

 

 که‌ تۆز، له‌ کاکۆڵی بیره‌ گوڵدانیه‌کانم ئه‌نیشێ..،

چرکه‌ی کاته‌ هیلاکه‌کان، ته‌رمی ساتێک داهێزان و قیزه‌ونم... ڕاناکێشێ!

گرشه‌ی ماندووی سۆزی شێعرم، له‌ نێو ته‌پوتۆزی خولیای نان چڕینا بزر ئه‌بێ.. و

ژانی نیانی نه‌شته‌ری کولانه‌وه‌..، دێنێته‌وه‌ به‌ برینا..

ئیتر ئه‌و کات و حه‌لانه‌. ژیان وانه‌ی مینهایه‌تی( _ )!

که‌ باڵنده‌ مینها ئه‌بێ له‌ هێلانه‌.

 

که‌ لیمۆی به‌ژنێک به‌ ده‌م له‌نجه‌وه‌ ئه‌جوێن..!  له‌ جۆلانێی هه‌وداکانا

سه‌دان خۆزگه‌ و حه‌زی تامه‌زرۆم ئه‌بزوێن!..

وه‌نه‌وشه‌ی ئۆقره‌م، له‌ سه‌وزه‌ڵانی نیگا..، و زه‌رده‌خه‌نه‌ی شه‌رمی کچانا ئه‌پشکوێن..

لا کازیوه‌ی، گه‌رمه‌نوێن و گڕگرتنی لێوه‌کانا..

نییلوفه‌ڕی شێعره‌کانم له‌ گه‌ڵ زه‌ریای عه‌شقا ئه‌دوێن

 

ئه‌و ده‌مانه‌ی  زه‌رد له‌ شاخ، به‌ به‌رده‌وه‌، له‌ شار

به‌ لێوی ئافره‌تی شۆخ و ناسک و بێگه‌رده‌وه‌،

په‌نجه‌کانی به‌ به‌ریینی شه‌وا دێنێ!!

من بۆ دیلان.. بۆ ژوانی شۆخ و نه‌شمیلان..، به‌ره‌و مه‌کۆی ((هه‌ڵۆ)) و ((به‌رجامێعه‌)) ئه‌چم..

له‌م شوێنه‌دایه‌، شۆڕه‌بی هه‌ستم، سێبه‌ر بۆ گۆنا، و گۆی سه‌رسینگ ئه‌کا..

سه‌ما ئه‌که‌ن په‌ل و وه‌چم.

سوار هه‌نگاوی پیاسه‌ی شه‌قامی ئاپۆره‌ی، باسک و پووزی په‌مبه‌یی پاله‌وی ئه‌بم

له‌ ژێر ده‌واری لاوێنی، سێبه‌ره‌که‌ی ((ته‌پی ماڵان))،

که‌ له‌و‌ جێژوانه‌دا یه‌که‌م جار لاولاوی  عه‌شقم له‌ به‌ژنی یار ئاڵان..،

خۆشه‌ویستیم.. به‌ گۆشگره‌ی یه‌که‌م ماچ و خڕخاڵی نا و لاتراسکه‌ و یه‌که‌م ووشه‌،

که‌ زه‌نگۆڵه‌ی هه‌ستی زڕان، له‌ ((به‌ردبڕان)) ئه‌شنێته‌وه‌..

له‌ز و هه‌ڵپه‌ی شه‌و و ڕۆژی هه‌ڵوه‌داییم  ده‌نک ده‌نک..،

مرواری ملوانکه‌ی عه‌شقی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ وه‌نه‌وشه‌ییه‌.. ئه‌چنێته‌وه...

 

ئه‌م دیلانگه‌..، ڕێبازێکی پڕ له‌ ڕازه‌! هه‌ورازێکی کووڕه‌ و مکووڕ!

ڕووبارێکی که‌یلی ساز و خۆشئاوازه‌..

_هه‌ڵۆ و به‌ر جامێعا_ مه‌کۆی عاشقه‌ وێڵه‌کانه‌ و له‌ سۆیی دڵدارییا ئه‌تلێنه‌وه‌!

ئه‌وین، یاساغه‌ و حه‌یرانی سۆز به‌ باڵای نامۆییدا، بۆ به‌ژنی دزراوی سه‌قز ئه‌ڵێنه‌وه‌..!

له‌م شوێنه‌دایه‌، لاوک و به‌یتی یه‌کتر..، ئه‌سێننه‌وه‌،،

شیرین و شه‌مزینێکی که‌.. زین و خه‌ج و خه‌زاڵێ تر..، ئه‌ژێننه‌وه‌..!

 

له‌و شوێنه‌دا، کچان ئه‌بن به‌ زه‌ریایه‌ک

شێعر و سه‌رنج مه‌له‌ی تیا ئه‌که‌ن و ئیلهام ..، بیین ئه‌نێ به‌ جوانی..

و زنه‌ی تامه‌زرۆیی و پێلی تاسه‌ی ئافره‌ته‌وه‌...

‌هه‌ر له‌و ده‌م و حه‌لانه‌دا.. له‌و شوێنه‌دا، ئه‌مڕۆ (...) ئه‌بێ به‌ ژێر سه‌نگه‌ری نه‌فره‌ته‌وه‌...!!

 

+ نووسراوه‌ له‌  دوشنبه بیست و دوم شهریور 1389کاتژمێر 23:28  له‌ لایه‌ن ژوان  | 

مێشک و دڵ غه‌رقی خه‌یاڵی نیشتمانی جوانمه‌

              هه‌ر له‌بۆ سه‌ربه‌رزی ئه‌و من هه‌وڵ و تێکۆشانمه

به‌یتی هه‌وه‌ڵی غه‌زه‌ڵی ئاره‌زووی ئازادی‌

مامۆستا مه‌لا حه‌سه‌نی فه‌یز به‌خش ساڵی 1329ی هه‌تاوی چاوی به‌ جیهان پشکووت و ...

 


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  جمعه بیست و نهم مرداد 1389کاتژمێر 23:39  له‌ لایه‌ن ژوان  | 

گازنده‌

هۆنراوه‌ی: جه‌لالی مه‌له‌کشا

 

ئازار

دیسان کرمی بوختانکه‌ری نێو مۆبالی ده‌متان که‌وته‌ مه‌رگه‌ نووزه‌

ئێوه‌ چین من بتاندوێنم

هێنده‌ چووکه‌ن، ته‌نانه‌ت به‌ مێرووله‌تان ناشوبهێنم

من شاعیری دڵی خۆمم، چیتان ده‌وێ به‌رماو خۆران

بۆ چه‌قۆتان هه‌ڵگرتووه‌  سینگی شێعره‌کانم بدڕن!

ئاگادار بن له‌م بێشه‌دا شێر خه‌وتووه‌

که‌م وه‌ک داڵاش به‌ سه‌ر جه‌سته‌ی ماندووی خه‌مڕێژمدا بفڕن

ئێوه‌ چین من بتاندوێنم

من دارێکی باڵا به‌رزم  گه‌رچی تووشی مه‌رگه‌ساتی وه‌رزی ڕه‌شم

به‌ڵام هه‌رگیز سه‌رم بۆچی دارکونکه‌ره‌ی دنیا هه‌یه‌ دانانوێنم

وه‌کو تانه‌ که‌وتوومه‌ سه‌ر گلێنه‌ی چاوتان

هات و چووم وه‌ک خه‌نجه‌رێکه‌  رۆ ده‌چێته‌ نێو ده‌روون و قووڵایی هه‌ست و هه‌ناوتان!

ئێوه‌ چقڵن  سیله‌ی ڕێگه‌ی جێژوان ئه‌گرن

ئێوه‌ به‌کری مه‌رگه‌وه‌ڕن  هه‌ست و ڕۆحی ئه‌وینداران بریندار ئه‌که‌ن

بێژگه‌ خۆتان که‌س ناناسن

له‌ نێوانی گوڵ و دڵدا وه‌ک له‌مپه‌ڕن

من شاعیری دڵی خۆمم

من هه‌ر ئاواز بۆ خۆم و بۆ دڵداره‌که‌ی خۆم ئه‌خوێنم

مشتێ خاکی ده‌شتی عه‌شقم،

به‌ڵام له‌ ئاستی ئێوه‌دا،  لووتکه‌م لووتکه‌!

ئێوه‌ی ته‌ڵخه‌ک له‌ بنارما وه‌ک چه‌قۆی کول

بۆ ڕووخانی باڵای به‌رزم  به‌ردی خاراو هه‌ڵده‌کۆڵن

هێنده‌ چووکه‌ن   حه‌یام ئه‌چێ بتاندوێنم.

ته‌ماشا که‌ن...

وێڕای ده‌یان جار که‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌ من هه‌ر خۆمم، وه‌ک جارانی خۆم ئه‌نوێنم

ئێوه‌ش هه‌ر خۆتان ئاسایی وه‌کو کرم، بێ ده‌ست و پا ژڵیوه‌تان دێ به‌ ناو یه‌کا

به‌ره‌و لووتکه‌ تف ئه‌که‌ن و جنێو ئه‌ده‌ن

منیش له‌ ئه‌و به‌رزانه‌وه‌ هه‌ر بورکان و بوومه‌له‌رزه‌ ده‌خوڵقێنم

هێنده‌ چووکه‌ن   حه‌یام ئه‌چێ بتاندوێنم

چیتان ئه‌وێ؟  بۆچی هێنده‌ ڕۆحی ماندووم ئازار ده‌ده‌ن؟

نیگایه‌کی ڕۆحی پیسی خۆتان بکه‌ن

ده‌ردی من و ده‌ردی ئێوه‌ جیاوازه‌

شه‌رافه‌تی ده‌ردێکی خۆم به‌ گشت ژین و ماڵ و حاڵتان ناگۆڕمه‌وه‌

ده‌ردی من ده‌ردی ئینسانه‌، ده‌ردی ئێوه‌ش زۆر گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام هه‌تا لای گونتانه‌!

قه‌ڵه‌مێکی تیژ و تووڕه‌م  خۆتان له‌ من بپارێزن

دێڕ به‌ دێڕی نامیلکه‌ی ژینتان ده‌زانم

من وه‌ک ئێوه‌ خۆم له‌ پشتی ئاوێنه‌وه‌ ناشارمه‌وه‌

کانییه‌کی به‌ر تریفه‌ی مانگه‌ شه‌وم، ساکار و ڕوون وه‌ک ئاسمانم

من گوڵێکم بتانه‌وێ و نه‌تانه‌وێ له‌م شۆره‌کاته‌ ڕواوم

ئێوه‌ی دڕکیش... ڕق و کینه‌ی هه‌موو دنیا کۆ که‌نه‌وه‌

دڵنیا بن... ده‌ستان ناگا به‌ تروپکی به‌رزی ناوم!

ئێوه‌ چین من بتاندوێنم

من شاعیری دڵی خۆمم، من هه‌ر ئاواز بۆ خۆم و بۆ دڵداره‌که‌ی خۆم ده‌خوێنم.

+ نووسراوه‌ له‌  جمعه بیست و پنجم تیر 1389کاتژمێر 1:1  له‌ لایه‌ن ژوان  | 

 که‌مه‌ند

هۆنراوه‌ی: ڕه‌حیم لوقمانی

 وێنه‌

که‌نیشکه‌که‌ مه‌ڕه‌نجه‌ لێم

یه‌که‌م گزنگی چاوگه‌لت

که‌ دای له‌ بانی کێفی دڵ

نیشانی دا چه‌ ئێژی پێم

له‌ سامی واشه‌کانی دێیه‌ گه‌ر،

چه‌واشه‌یه‌ مه‌لی نیگام

مه‌ڕه‌نجه‌ لێم

که‌مه‌ندی زه‌ردی سوخمه‌که‌ت

که‌ به‌ندی ئاسکی سینه‌یه‌

ڕه‌ها ده‌بێ و

ته‌کانی جفته‌ کۆتری سپی بزه‌ت

گڕاوی تین

له‌وانه‌یه‌ دڵ داوی سینه‌ هه‌ڵبڕن

له‌بانی به‌رزه‌داری به‌ژنه‌که‌ت،

به‌ره‌ و دوو گۆمه‌ شینه‌که‌ی من هه‌ڵفڕن

له‌ ئاستی تاوی کوڵمی تۆ

گۆنای گوڵانی نێو گڵۆپ و

شووشه‌به‌نده‌ کاڵ ئه‌بێ

به‌ ڕه‌نگ و بۆنی کاڵه‌ بێ

که‌ خوێنی شه‌رم و نازه‌که‌ت

ئه‌زێته‌ کوڵم و گه‌ردنت

بلووری ته‌سک و ناسکه‌

که‌ پڕ شه‌رابی ئاڵ ئه‌بێ

مه‌ڕه‌نجه‌ لێم،

منیش که‌ چاوم که‌فته‌ ئه‌و

ئاهه‌نگی نه‌رم و شه‌رمی تۆ

فره‌ی نه‌ماوه ‌ببمه‌ ئاو

به‌ عه‌شقی پاک و گه‌رمی تۆ

مه‌ڕه‌نجه‌ لێم!

مه‌ڕه‌نجه‌ لێم!

+ نووسراوه‌ له‌  سه شنبه بیست و پنجم خرداد 1389کاتژمێر 15:26  له‌ لایه‌ن ژوان  | 

ته‌نگانه‌مه‌رگی گوڵ

دێن بۆن به ‌ده‌مته‌وه‌ ده‌که‌ن
نه‌کا ڕۆژێک وتبێتت خۆشم ده‌وێی.
دێن بۆن به ‌دڵته‌وه ‌ده‌که‌ن
ڕۆژگارێکی سه‌یره‌ گوڵم.
خۆشه‌ویستی
له ‌دارته‌لی قه‌راخ ڕێگه‌ی به‌ربه‌ستکراو شه‌ته‌ک ده‌ده‌ن
ده‌یده‌نه‌به‌ر قه‌مچی و شه‌للاق
ده‌بێ ودمی خۆشه‌ویستی له‌ که‌لێن و له‌ په‌سیوی ماڵ په‌ستێون،
بیشارنه‌وه‌.

 

له‌کۆڵانی به‌ربه‌ستراوی ساردوسڕدا
ئاوردووه ‌شیعر و سروود
ئاگری پێ ده‌که‌نه‌وه‌
باسی سه‌ره‌ بیرکردنه‌وه‌
ڕۆژگارێکی سه‌یره‌گوڵم.
ئه‌وه‌ی شه‌وان ده‌رگا ده‌کوتێ
هاتووه‌ چرا بخنکێنێ
ده‌بێ تیشکی ڕووناکایی له‌ که‌لێن و له ‌په‌سیوی ماڵ په‌ستێون،
بیشارنه‌وه‌.



وا قه‌سابان
سه‌ر ڕێگه‌کانیان گرتووه‌
تیغ و چه‌قۆی خوێناوییان به‌ده‌سته‌وه‌
ڕۆژگارێکی سه‌یره ‌گوڵم.
توێ توێ بزه ‌له‌ برینی لێو داده‌تاشن
گۆرانی له‌برینی گه‌روو
ده‌بێ شه‌وق و شادمانی له ‌که‌لێن و له‌ په‌سیوی ماڵ په‌ستێون،
بیشارنه‌وه‌.



دێن قه‌ناری
به ‌ئاگری یاس و سوێسن ده‌برژێنن
ڕۆژگارێکی سه‌یره‌گوڵم.
ئیبلیسی سه‌رکه‌وتووی سه‌رخۆش
له‌سه‌ر سفره‌ی شینی ئێمه ‌شایی ده‌کا
ده‌بێ خودا له‌ که‌لێن و له ‌په‌سیوی ماڵ په‌ستێون،
بیشارنه‌وه‌.

به‌رهه‌می: "ئه‌حمه‌دی شاملوو" / له‌ وه‌رگێڕانی: "ناسری حیسامی"

+ نووسراوه‌ له‌  یکشنبه نوزدهم اردیبهشت 1389کاتژمێر 15:54  له‌ لایه‌ن ژوان  | 

ساتێک له‌ گه‌ڵ "حه‌زره‌تی نالی"سێو

 

له‌ دوگمه‌ی سوخمه‌ دوێنێ نوێژی شێوان

به‌یانی دا سفیده‌ی باخی سێوان

له‌ خه‌وفی ته‌لعه‌تی رۆژ هه‌روه‌کوو شێت

به‌ ڕووزه‌ردی هه‌ڵات و که‌وته‌ کێوان

دو چاوی من که‌وا که‌یلی سوروشکن

ده‌پێون ئاوی به‌حری خۆی به‌ پێوان

مه‌که‌ن لۆمه‌ی په‌شێویی دڵ که‌ ئه‌مشه‌و

په‌شێواوه‌ له‌ به‌ر په‌رچه‌م په‌شێوان

شه‌رابی له‌علی رومانی له‌ "نالی"

حه‌رامه‌، بێ مه‌زه‌ی ماچێکی لێوان

 

+ نووسراوه‌ له‌  چهارشنبه یکم اردیبهشت 1389کاتژمێر 13:53  له‌ لایه‌ن ژوان  | 

نه‌ورۆز

هۆنراوه‌ی: ڕه‌حیم لوقمانی

نه‌ورۆز

ڕۆژ له‌ ئاسۆی سوور شه‌وق ئه‌داته‌وه‌    ئه‌ڵێ ئه‌مساڵیش نه‌ورۆز هاته‌وه‌

سروشت سه‌رپاکی جوانی ئه‌نوێنێ    وه‌ک بووکی ڕازاو خۆی ئه‌خه‌مڵێنێ

ده‌شت و کوێستان و لووتکه‌ی به‌رزی کێو    بزه‌ی به‌هاریان که‌وتۆته‌ سه‌ر لێو

به‌فری تواوه‌ی سه‌ر شاخی ته‌مبار    ئه‌بێ به‌ فرمێسک چۆڕ چۆڕ دێته‌ خوار

هاژه‌ی شه‌تاوی بن کوێستانی به‌رز    گابه‌رد ئه‌تلێنێ که‌ژ دێنێته‌ له‌رز

کیژی دارستان له‌ شایی چه‌ما    به‌ مۆسیقای ئاو دێنه‌وه‌ سه‌ما

باخ و ڕه‌ز‌ی شاخ یان مێرگ و چیمه‌ن    خشڵی ڕازاوه‌ی بژوێنی دیمه‌ن

سه‌وزایی ده‌شت و زنجیره‌ی کوێستان    تاریف ناکرێ جوانی کوردستان

که‌وی دڵداری ئازادی و جوانی    ده‌روونی که‌یلی سۆزی گۆرانی

به‌ری حه‌سره‌تی دڵ ئه‌کاته‌وه‌    بانگی په‌ڕاوپه‌ڕ ده‌نگ ئه‌داته‌وه‌

له‌ سه‌ر قه‌ندیل و شاهۆ و نه‌که‌رۆز    ئه‌ڵێ گه‌لی کورد، نه‌ورۆزتان پیرۆز

+ نووسراوه‌ له‌  چهارشنبه بیست و ششم اسفند 1388کاتژمێر 15:6  له‌ لایه‌ن ژوان  | 

گووڵتامه‌زرۆ

هۆنراوه‌ی: حه‌میدی شهبازی(بێزار)

 

ئه‌م هه‌نگره‌،.. ئێسکی هه‌نگاوم ئه‌کرۆژێ!

له‌م کوێره‌ڕێ.. به‌م ڕه‌وته‌ کۆن و کاروانه‌..،

خاو و ته‌پیو و ته‌پلۆسه‌!

ئه‌م ماڵۆسه‌ به‌جێ دێڵم

گه‌لێک، هه‌ڵپه‌ی ڕووناکایی و هه‌تاو ئه‌که‌ن..

من به‌ شوێن سای کرژا وێڵم..!

ئه‌وان گوایه‌:

پیاسه‌ له‌ عه‌ڕشی ساو ئه‌که‌ن!

من وشکارۆی ژێر چه‌تری هه‌وره‌ نه‌زۆکه‌کان ئه‌کێڵم..!

ئه‌وان وێڵی به‌ سانه‌وه‌ن...

من سه‌رخۆش و ئارامگرتووی،

نێو له‌نگه‌رگای دوورگه‌ی سه‌وزی زه‌ریای چاوم..!

ئه‌وان چه‌شنی مێگه‌لی تێر و بێزراون..!

من تامه‌زرۆ و ئه‌وینداری به‌ر نسێی به‌ژنی هه‌تاوم...

+ نووسراوه‌ له‌  یکشنبه چهارم بهمن 1388کاتژمێر 0:53  له‌ لایه‌ن ژوان  | 

دوو شێعر له‌ "سه‌لام مسته‌فا ساڵح"

(۱)

باگردێن

له‌ سه‌ربانی ماڵێکی قوڕ

کۆمه‌ڵێ دڕک

بیریان له‌وه‌ ئه‌کرده‌وه‌

که‌ چۆن ئه‌م زستانه‌ بژین

بۆ مانه‌وه‌...

هه‌ر یه‌که‌یان باسێکی هێنایه‌ پێشێ

ئه‌وه‌ی بێ‌ده‌نگی کڕی بوو

یه‌کێکیان بوو

چاوی ترسی له‌ باگردێنێک بڕی بوو!

 

 (2)

جیڕه‌

ڕه‌شه‌بایه‌ک ده‌رگایه‌کی خسته‌ سه‌ر پشت

ده‌ستێک له‌و دیو

له‌سه‌ر خۆ پێوه‌ی دایه‌وه‌

دیسان ڕه‌شه‌با کردیه‌وه‌

ده‌ستی تووڕه‌ش دایخسته‌وه‌

بۆ چه‌ن جارێک

کرایه‌وه‌  ...  داخرایه‌وه‌  ...  به‌ بێ وه‌ستان

له‌ ئه‌نجامدا ..

ده‌رگاش جیڕه‌ی له‌ خۆی هه‌ستان.

+ نووسراوه‌ له‌  دوشنبه چهاردهم دی 1388کاتژمێر 0:59  له‌ لایه‌ن ژوان  | 

دوو شێعر له‌ شاعیری جوانه‌مه‌رگ "ژیلا حسینی"

 (1)

پێوانه‌

نه‌ ئه‌وه‌نده‌ی باڵای دووریت

نه‌ به‌ قه‌ده‌ر ئه‌و ساتانه‌ی له‌ ناو خۆما ئه‌تبینمه‌وه‌

به‌ درێژایی چاوه‌ڕوانی...

نه‌ به‌ چڕی دارستانی نیگاکانت

نه‌ به‌ قه‌د کێو به‌قه‌د ئاسمان به‌ قه‌د جوانی

خۆشم ئه‌وێی به‌ ئه‌ندازه‌ی

ئاسووده‌یی

ئه‌و کاتانه‌ی پێش تۆ بووم و

پێم نه‌زانی

 

(2)

ئاڵا

خۆشه‌ویستیت بوو به‌ چرا

بوو به‌ پێڵاوی ئاسن و گۆچان پۆڵا

خۆشه‌ویستیت بوو به‌ هه‌تاو

بوو به‌ به‌رگی دڵ و هه‌ناو

ڕچه‌م شکان، هاتم بۆ لات

له‌ سه‌ر لووتکه‌ی ئه‌وینه‌که‌ت

باڵام کرد و بووم به‌ ئاڵا.

+ نووسراوه‌ له‌  شنبه بیست و یکم آذر 1388کاتژمێر 0:1  له‌ لایه‌ن ژوان  | 

دوو هه‌ڵبه‌ست له "جه‌لال مه‌له‌کشا"

 (1)

بریا

بریا من وه‌کو په‌پووله‌ بایام

ده‌م له‌ ناو ده‌می گوڵێکی سووردا

سه‌رمه‌ست له‌ شیله‌ی ئه‌وین ده‌مردم!

کیژۆڵه‌یه‌کی شۆخ و نازه‌نین

له‌ نێو ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ریدا

ویشکی ده‌کردم!

 

(2)دیاری

گله‌یی

 شێعره‌کانم

بوون به‌ گوڵ و

که‌نیشکه‌کانی ئه‌م شاره‌

چه‌پک چه‌پک

کردیان به‌ هه‌دیه‌ی دڵداری

به‌ڵام هه‌رگیز کچێ نه‌هات

بڵێ جه‌لال:

ئه‌ی خۆت بۆ هێنده‌ خه‌مباری؟!

+ نووسراوه‌ له‌  یکشنبه پانزدهم آذر 1388کاتژمێر 0:8  له‌ لایه‌ن ژوان  | 

دوو هه‌ڵبه‌ست له‌ "ڕه‌حیم لوقمانی"

(1)

دووان

 هه‌ستی شاعیر

له‌ ئاونگی ڕوومه‌تی گوڵ زوڵاڵتره‌

دڵی شاعیر

له‌ منداڵێکی زۆر ساواش

گڕۆزایی و مناڵتره‌

 شنه‌ی بایه‌ک، گیانی شه‌ونم، نایه‌ک

دڵی منداڵ ده‌گریه‌نن

به‌ڵام هه‌ست و ڕۆحی شاعیر

لێوی چه‌قۆ و که‌ڵبه‌ی یاسا

ده‌یدوێنن

 

(2)

ساز

 ده‌روونی من وه‌ک سازێکه‌

تاو تاو ده‌گری و ته‌له‌کانی،

به‌ سروه‌یه‌ک دێنه‌ زمان.

جار جار تووڕه‌!

وه‌ک به‌هاری خوێناوڵی دیاربه‌کر

وه‌کوو ته‌مبووره‌که‌ی شوان

به‌ڵام جیاوازی سازێک و

ده‌روونی من له‌وه ‌دایه‌:

ئه‌و به‌ ده‌ست و هه‌ستی گه‌رمی هونه‌رمه‌ندێک

دێته‌ سه‌ر سۆز

من به‌زه‌خمه‌ی پڕ ئازاری نه‌یارانم

دێمه‌ ناڵه‌ و ڕقی پیرۆز

+ نووسراوه‌ له‌  دوشنبه نهم آذر 1388کاتژمێر 0:56  له‌ لایه‌ن ژوان  | 

سێ هه‌ڵبه‌ست له‌ هۆنه‌ری جوانه‌مه‌رگ  "مارف ئاغایی"

(۱)

کۆچ

 خاک،

توانای کۆچی نییه.

ئه‌وه‌یه‌ ڕازی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌ی من

له‌م وڵاته‌دا‌

 

(۲)

ئاویلکه‌

 گۆڕستانی وڵاتی من


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  شنبه بیست و سوم آبان 1388کاتژمێر 22:9  له‌ لایه‌ن ژوان  | 

((لای ئێمه‌))

هۆنراوه‌ی: حه‌مید شه‌هبازی

 

هه‌موو ڕۆژێ،

که‌ هه‌تاو له‌ دایک ئه‌بێ،

گووڵ و جوانی و هه‌سته‌کانی ئێمه‌ ئه‌مرن!

مه‌لی سۆزمان ، له‌ پێش ئه‌وه‌ی که‌ باڵ بگرن،

له‌ لانه‌ی ده‌سته‌مۆییدا.. باڵیان ئه‌بڕن...

 


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  سه شنبه دوازدهم آبان 1388کاتژمێر 14:2  له‌ لایه‌ن ژوان  | 

سروه‌ی به‌یانی

هۆنراوه‌ی: نه‌مر سواره‌ ئێلخانیزاده‌

تۆ وه‌کوو:

سروه‌ی به‌یانانی به‌هاری

تۆ له‌ له‌شما:

گیانی سووکی نادیاری

بۆ شه‌وی خۆشی و نه‌خۆشیم:

یادگاری

 


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  شنبه دوم آبان 1388کاتژمێر 21:28  له‌ لایه‌ن ژوان  | 

2 گه‌لاوێژ ساڵرۆژی کۆچی دوایی گه‌وره‌ پیاوی ئه‌ده‌بی پارسی و

رێبواری بازی مرۆڤایه‌تی ئه‌حمه‌دی شاملوو

                

هه‌ر له‌ یادتاین و شێعره‌کانت هه‌نوکه‌ هاواری دڵ و هاوڕێی زارمانه‌

+ نووسراوه‌ له‌  یکشنبه چهارم مرداد 1388کاتژمێر 1:18  له‌ لایه‌ن ژوان  |