ژوان

ساڵنامه‌ ((1))

هادی ماجدی

 

دووری

دڵته‌زێنی

ده‌ردی !

ئه‌وه‌ته‌ی هه‌ی

یادت ئارامی چنیوم

ئۆخژنمی ڕاوه‌دووناوه‌ ،،

جاری وایه‌

حه‌زی وه‌همێک له‌ داهاتووی

جاری واشه‌

لۆمه‌ی نیگایه‌ک ڕابردوو ،،

جاری وایه‌ پڕی قینم

پاڕانه‌وه‌م

:خۆزگه‌ بێ تۆ هه‌ڵم ئه‌کرد،

جاری واشه‌

تووشی تریاکی یادی تۆ

هێڵنج ئه‌ده‌م

که‌له‌لا و به‌ ئاویلکه‌وه‌

بێزوو ئه‌که‌م به‌ ناوی تۆ ،،

دووری

دڵته‌زێنی

ده‌ردی ،

قاپی حه‌زم ته‌نیا وێنه‌ی تۆی لێدێت و

تۆیش نامهێڵی ئه‌م شاکاره‌ هه‌ڵواسم به‌ ژووره‌که‌ما ،

چنگ گیر ئه‌که‌یته‌ خه‌یاڵم و

ته‌نیایه‌کانم ئه‌کێڵی ،

نه‌ وێده‌چێت بتدۆزمه‌وه‌ و

نه‌ واز ئێنی ،،

پاڕانه‌وه‌م

یان فه‌رامۆشی دامپۆشێ

یان ده‌ستی تۆ و

تۆیش

تۆیش گه‌مه‌ت دێ به‌م ڕه‌سته‌یه‌!

که‌چی ئه‌چێ ڕۆژێ هه‌ردی

                      دووری

               دڵته‌زێنی

          ده‌ردی ...

سه‌رماوه‌زی93

+ نووسراوه‌ له‌  دوشنبه سوم آذر 1393کاتژمێر 0:56     | 

سه‌لاح مه‌حموودی

(1)

کلو کلو

به‌فر ئه‌بارێ!

هه‌واش بۆنی دڵداری دێ و

سۆزی شێعره

ئارام‌نوێنه‌کان

که‌ ئه‌مێستا سپاردوومه‌ به‌ به‌فره‌کان!

ئاخ..

که‌ خۆزگه‌ وابێ

په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌ی ئه‌تۆیش

ئاوه‌لا بێ...


(2)

له‌ ناو هارمونیای هه‌ر شه‌وێکمدا

ته‌نیا و ته‌نیا

هه‌ر هاواره‌ هه‌ڵوه‌داکه‌ی

شوێن پێ که‌وتووه‌ ئاواره‌که‌ی

خۆشه‌ویستی و دڵداریه‌که‌ی تۆیه‌

هه‌ر تۆ گراوکه‌که‌م،

ده‌ هاوارێ!!

له‌ ئه‌نگۆره‌ی ده‌م ئێواره‌ی

ناو ئاپۆره‌ ئارامه‌که‌ی

_ئاسکه‌ کیژان_

ته‌نیا و ته‌نیا چاوی منه‌

هه‌ر چاوی من

چاوه‌ ڕه‌ش و به‌کله‌کانتی کردووه‌ نیشان

ده‌ نیگایێ!  ده‌ نیگایێ!  ده‌ نیگایێ!


(3)

چاوت لێیه‌ له‌و ئه‌ستێره‌

هه‌موو شه‌وێ تروکه‌ی دێ و

به‌ره‌و چاومان

چاو داده‌گرێ!؟

ڕه‌نگه‌ چیرۆکی ته‌م گرتووی

عه‌شقی هه‌ردووکمانی پێ بێ!!

+ نووسراوه‌ له‌  یکشنبه بیست و چهارم آذر 1392کاتژمێر 14:59     | 

فوئاد قامووسی

...

ترووسکەی نیگا

سەمفۆنیای ئاواز و

سۆزی هەناسەت

بۆ دڵ نەماوێکی

شەکەت لەشەو

لەشار

لە شیوەن

شریخەی هەوری دڵ پڕی پاییزە

بۆ داری زەرد هەڵگەڕاوی

قەراخ شەقام

بێ‌جێیە و تەنگە لان

یان دەیتۆقێنێ و دەیسووتێنێ

یان دەیکاتە هۆ

بۆ زیندوو بوون

بۆ بوون بە داری هەزار ریشە

ناسکێ گیان

جوانکیلانەی، ورد ئەندامی گوڵ بەدەن

هاوڕێی هەنگاوەکانی تەنیایی

مەمسووتێنە

هێشتا هەر

مەکۆی

تینی حەزی پرشنگدارم

شێتانە باڵا دەکەم

تا بەقەت باڵای حەزت دەگەم

 

سەقز- سەرماوەزی 2712

 

+ نووسراوه‌ له‌  چهارشنبه هجدهم بهمن 1391کاتژمێر 0:5     | 

فوئاد قامووسی

بۆ سەفەری چەن خۆشەویست

ئەودەمەی

لێواولێوی لە ئاخاوتنە نەوتراوەکان و

زەمەنی پێکەوە بوون

لە ئاویلکە و

دوا چرکە دایە

تەنیا نیگایە

رێبازی تێک ئاڵان و لێک گەیشتن

چاو

بڕوانە، نیگای وێڵم

لێوی ئۆقرە نەماوم

بێ‌دەسەڵاتیم لە حەنای چارەنووس

کاتی سەفەرە و

ئاخ لە سەفەر

ئۆخەی وا

بیرەوەریەکانت هەرمانن

یەک یەک لێو بە بزە

وەکا بەڵگەن بۆم

سەفەرت

مینا رۆیشتنە ساویلکەکان نییە

شەقاوێکە بۆ داگیرسانی مۆمێک

هەنگاوێکە بەرەو ئاسۆ

دۆخێکی کە

لە ژیانی نازارت

و دەتبینمەوە

وەکا

بەور و هەتاو و هەنار

سروشتی و ساکار

بەشێوەی

شێعر و شاخ

ناسک

تان و پۆی وردەکاری

خۆڕاگر و سەرنەوی

ئاکام

بێ‌دەسەڵاتی و

تەنیا

ئۆغر بێ هەڤاڵ

ئۆغر بێ

 

سنە - رێبەندانی/2711

 

+ نووسراوه‌ له‌  سه شنبه نوزدهم دی 1391کاتژمێر 12:52     | 

نووسراوەی: ئەسرین فەقێ عەلی

شەقامێکی غەریب و من لەو غەریبتر

تەنیا ئاوەچۆڕەی قژی تاسەم

ئەم غەریبیە دەشواتەوە و

لاکی سووری پەنجەی نیگام

برووقەیەک دەخاتە سەر چاوەروانیم

لەبەر دەروازەی گەڕانەوە راوەستاوم

جێ پێت پڕە لە حەزی چاوێک وا بۆخۆم

لەبەر ئاوێنەی ئاشنای جوانی رشتم

تاکسیەک لە من و شەقامیش غەریبتر

بردی و گوتی مسافرە!!!

سەقز-30/8/2712

+ نووسراوه‌ له‌  چهارشنبه هشتم آذر 1391کاتژمێر 17:51     | 

لێره‌ و له‌وێ

هادی ماجدی

 

بۆ هیلالی مانگی نۆ، سۆفی له‌ ئاســـمان دێتـه‌وه‌

ڕوو ڕه‌شه‌ هه‌ورێـکی چڵـکن، ڕه‌نـگـه‌ نـه‌یـدۆزێـتـه‌وه‌

په‌رچه‌می هه‌وره، نیگای سۆفیم ده‌بینی عاقیـبه‌ت

بۆ هـیـلالی تیغی ئه‌برۆی و جـه‌ژن سوێی بـێـته‌وه‌!

 ***

بێجگه‌ له‌ نیگــات به‌دیم نه‌کرد بـه‌ختـه‌وه‌ری

جیا ڕێگه‌یی تۆ ده‌چـووم بـه‌ره‌و ده‌ربــه‌ده‌ری

ئـارامی له‌ش و ئۆخژنی گیان خه‌ونه‌ ده‌ڵێن

دووری و خه‌می دابڕان و خه‌و!؟ بێ‌خه‌به‌ری

 ***

گیرۆده‌ ببووم چون به‌ چاوی تۆ

پێم وا بوو ناژیم نه‌بمه‌ ڕاوی تۆ

دامـنـابـوو چه‌ن ڕۆژ به‌ پارێزه‌وه‌

پـارێـز له‌ پـارێـز، "بژی داوی تۆ"

 

+ نووسراوه‌ له‌  شنبه بیست و هشتم مرداد 1391کاتژمێر 15:46     | 

سه‌فه‌ر

هۆنراوه‌ی : هادی ماجدی

 

سه‌فـــــــــه‌ر هات و نه‌هاته ،‌ تاقی ته‌نیــــــــا نا نه‌که‌ی نابێ

منت هه‌م، هه‌ر که‌سی دی خۆت ده‌ڵێی با بێ، بڵێ با بێ

له‌ مێژ وه‌خـتـێـکـه‌ ده‌ســـــــــــــتم داوه‌ته‌ داوێـنـی ئه‌م کۆچه‌

ده‌بێ لـێـکـدانــــــه‌وه‌ی ئه‌م کۆچـه‌ له‌و کووچـه‌ ته‌ماشـــا بێ

به‌ سه‌د سه‌ختی و چه‌مووشی و تووشی ڕێگا ناگه‌رێمه‌ دوا

هه‌تا که‌ی!؟ هه‌ر ده‌بێ ڕۆژێ مـــــــه‌لی په‌رژین به‌ که‌ژدا بێ

به‌ شـه‌وبـاری و شریخــــه‌ و شۆڕه‌شۆڕیش بێت ژیان ده‌ڕوات

به‌ڵام کـێـیـه‌ به‌ دووری حه‌زره‌تی ئـــــــــــــــــــامێزی تۆ ڕا بێ

له‌ ســــــــایه‌ی مه‌نزڵی دیده‌ت هه‌زاری تر ده‌ژیــــــــــــم لێره‌

به‌ڵام نه‌مماوه‌ چاوه‌نواڕی ئه‌و چـــــــــاوه‌ی له‌ وه‌همــــــــا بێ

له‌وێـــڕا کــــــه‌زیــه‌کــه‌ت دایه‌ شنـــــــــــــــه‌ی بیر و خه‌یاڵاتم

نه‌مام هیوا به‌ دڵ _ماچێک نه‌بێت_ هیــــوام ئه‌ویش چـا بێ

منم شــــــــــــاگردی سێوه‌ ده‌رسی باخستـــــانی نازداریت

ده‌مێنێ عه‌شقی بۆ وه‌ستــــــــــــا ئه‌وه‌ی شاگردی زانا بێ

له‌ نێو ئه‌م ده‌سـتـه‌وه‌سـتانه‌ی نیه‌ ده‌ستێک ده‌سم بگرێـت

به‌ ئه‌گریجه‌ت بفه‌رموو قفڵی ده‌ستم لێی ڕه‌هـــــــــــا نابێ

بـه‌ڕێـزت مـامـڵــــــه‌ی تـیـشـکـی هـه‌تـاویـت و بـه‌ شـانـازی

ده‌زانـێـت هـه‌وری ڕه‌ش لادان ئـه‌وه‌ی لاوچـاکـی دونـیا بێ!

 

+ نووسراوه‌ له‌  چهارشنبه بیست و یکم تیر 1391کاتژمێر 18:36     | 

مه‌ودا

هۆنراوه‌ی: هادی ماجدی

 

تاقه‌تێکم ته‌نیا و ته‌ریده‌!

ئه‌و چاوه‌چاوه‌ لێی ده‌گه‌ڕێن

ئاسۆیه‌که‌ هێڵنجاوی

پیس وه‌ک تاڵانی له‌ش‌ولار،

وه‌ک شێڕپه‌نجه‌ی به‌خته‌وه‌ری سووراوی خوێن،

ئه‌ونه‌ی شینکایی یاسایه‌کی زۆره‌مل سێبه‌ری مه‌رگ!

نازانن، یان نه‌زانن به‌ قازانجتانه‌!؟

لێره‌وه‌ من تاقه‌تێکی به‌ته‌نیام و

ئه‌و باڵاخانه‌ی بۆ ئاسمانتان کێشاوه‌

ته‌نیایی تاقه‌تێک ده‌کات!

هه‌ر ئێوه‌ن و گڵۆپ له‌ ئه‌رده‌وه‌ ده‌دزن

ئه‌مه‌ خوایه‌

هاتوو مانگی ژێر مه‌قنه‌عه‌یش پرشنگی دا!

منێک تاقه‌تی ته‌ریده‌یش

چاوم بڕیوه‌ پرشنگی سیگارێک و

ده‌ستم ئامێزی خولیایه‌ک تاوهه‌ڵاته‌ و

ئاده‌ی

ئه‌مه‌ خوایه‌

چارشێوێک بۆ باڵای هه‌تاویش بدوورن!

ده‌ده‌ی...!.

به‌ ئێوه‌ بێت

زۆزان له‌ مژ،

گۆرانی له‌ گۆمبه‌ز و

چۆله‌که‌ له‌ شیروانی ماره‌ ده‌که‌ن!

پشت به‌ پشت و خشت به‌ خشت

ته‌ریده‌ی وه‌همێک تاقه‌تن

سێوێک تر له‌ خشته‌ به‌رن

منێکی تاقه‌تی گه‌ڵایش

له‌م باخستانه‌ غه‌ریبه‌

چناره‌یه‌کم چاو لێیه‌

به‌م زووانه‌

ده‌ستی له‌ ئاسمان گیر ده‌بێت!

نازانن، یان نه‌زانن به‌ قازانجتانه‌!؟

 

+ نووسراوه‌ له‌  شنبه سیزدهم خرداد 1391کاتژمێر 0:30     | 

من ...

هۆنراوه‌ی: هادی ماجدی

 

من مه‌نزڵگه‌ی ژیوارێکی لوول خواردووم

خسکه‌ی پشوو سواریه‌که‌یشم

خۆڵه‌مێشی سووکی و کڕی ناجووڵێنێ

پرچی شینه‌گیای ناسکۆڵه‌ی پێ نازانێ،!

له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رینی ئاڵقه‌ی ئاره‌زووم

به‌ پانتایی سه‌رجه‌م نیگاکانی دونیاو

بستێک به‌رته‌سک

بۆ خه‌ڵوه‌تی خۆم و یه‌ک‌یه‌ک نیگاکانه‌،

که‌ ده‌بینم مه‌م و زینێک

بۆ یه‌ک ده‌ژین

بۆ یه‌ک ده‌مرن

زه‌رده‌خه‌نه‌

ژیان جێگه‌ی مانه‌وه‌یه‌ و

ئارام، بێده‌نگ پێده‌که‌نم!

من مه‌نزڵگه‌ی ژیوارێکی لوول خواردووم

خسکه‌ی پشوو سواریه‌که‌یشم

خۆڵه‌ مێشی سووکی و کڕی ناجوولێنێ

پرچی شینه‌ گیای ناسکۆڵه‌ی پێ نازانێ!

 

+ نووسراوه‌ له‌  جمعه بیست و هشتم بهمن 1390کاتژمێر 14:59     | 

کۆتایی

 هۆنراوه‌ی: هادی ماجدی

 

هه‌موو جارێک که‌ ئه‌تبینم

تۆیه‌ک،

تامه‌زرۆی بیستنی شێعرێک ترو

من‌ێک شاعیر،

ئه‌و شێعرانه‌ت بۆ وه‌خوێنم

که‌ له‌ باخچه‌ی جوانی خۆتا به‌ریان داوه‌!

ئاخ که‌ سه‌خته‌ شاردنه‌وه‌،

ترسم هه‌یه‌ که‌ بزانی

تۆی سه‌رچاوه‌ی شێعره‌کانم

نازی نیگام بشێوێنی و

تا هه‌تایه‌

کۆوه ‌نه‌بن وشه‌کانم!

+ نووسراوه‌ له‌  جمعه چهاردهم بهمن 1390کاتژمێر 1:57     | 

بۆ نیگاکان...

هۆنراوه‌ی: هادی ماجدی

 

بێکه‌سی، له‌ وه‌نه‌وزی ده‌ربڕینا باڵا ئه‌کات

چاوه‌کانت مه‌شاره‌وه‌ و بڕوانه‌ بۆم،

ده‌نگی من ئۆپێرای هه‌ناسه‌یه‌

له‌ شه‌خته‌به‌ندی شاخ و

شڵه‌ژاوی شار،

هه‌موو جارێک له‌ چوارڕێیانی ئینتزار

ده‌تکێمه‌ سه‌ر گه‌ڵای شه‌ده‌ی چنارێکی قه‌راخ جاده‌ و


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  دوشنبه نهم آبان 1390کاتژمێر 18:3     | 

بۆ مامۆستا

هۆنراوه‌ی: هادی ماجدی

 

گه‌شی نیگاو بێ‌وچانی پێکه‌نین‌و زانی زار

دێوجامه‌ی مه‌رگ شێته‌ و برسی و

نایێژم و نابێت چاوه‌ڕوانی هه‌ڵاڵه‌ی دیمه‌ن بین!

له‌ وێنه‌یه‌ک بۆتان ئه‌دوێم...


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  پنجشنبه دهم شهریور 1390کاتژمێر 0:16     | 

پێوه‌ر

هۆنراوه‌ی: هادی ماجدی

 

ئه‌ونه‌ی برسیه‌تی ئافریقا و

قاچاخچیه‌تی خۆشه‌ویستی ئه‌م وڵاته‌

هاوده‌نگی باران و ڕۆژم،

به‌ڵام ئه‌ونه‌ی سه‌ر هه‌ڵدێنم و ده‌ڕوانم،

پتر له‌وه‌ی تا هه‌نووکه‌ پێم زانیبوو

هه‌ست به‌ وه‌حشی بوونی مرۆڤ

به‌ ئه‌سرین و

که‌می ئه‌که‌م...

 

+ نووسراوه‌ له‌  پنجشنبه سیزدهم مرداد 1390کاتژمێر 23:2     | 

داهاتوو

 هۆنراوه‌ی: هادی ماجدی

پرسیار

 

 زۆر به‌ هه‌ڵکه‌وت یه‌کیان ناسی و ..

ئاشنایی بوو به‌ ده‌ره‌تانی ویستێک ئه‌هوورایی!

به‌ گه‌مه‌ ڕوانیان بۆ یه‌ک و ..


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  شنبه هجدهم تیر 1390کاتژمێر 2:4     | 

هۆنراوه‌ی: سه‌لاحی مه‌حموودی

شاعیر

 

له‌ باتی نیگا سه‌رگه‌ردانه‌کانتا...

له‌و کاته‌ ساتی ئێواره‌ ئه‌ویناویه‌

 دزه‌ی نیگاو لرفه‌ی قاقات

هه‌وری نه‌زای ئه‌م به‌هاره‌ تۆزاوییه‌ی،...   هێنایه‌ زا

شار و شاعیر، بوون به‌ ژێر شه‌پۆلێ ڕه‌هێڵه‌ی تاسه‌ و حه‌زا،

به‌ره‌و کوێ دی...


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  یکشنبه بیست و دوم خرداد 1390کاتژمێر 0:12     | 

 

هۆنراوه‌ی: هادی ماجدی

 

پاسه‌وان

 

من گوڵێکم ناسی...

تماشام کرد و

له‌ ئێواره‌ نیگایه‌کدا که‌ ده‌مویست شێعری بۆ بێژم...


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  شنبه چهاردهم خرداد 1390کاتژمێر 2:33     | 

نووسراوه‌ی: مریه‌م نامداری

که‌ بتبینمه‌وه‌

ئاوێته‌ت ده‌بم

وه‌کا رووبار که‌ له‌ تاسه‌ی‌دا

به‌ره‌و ده‌ریا

به‌ پێ‌خواسی ره‌وان ده‌بێ

بتبینمه‌وه‌... ئاوێته‌ت ده‌بم!


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  چهارشنبه سی و یکم فروردین 1390کاتژمێر 3:49     | 

نووسراوه‌ی: مریه‌م نامداری

سه‌مای لاو لاو

کلم ده‌کاته‌ چاو

نیگام ده‌خاته‌ داو

هزرم ده‌کاته‌ پێڵاو

له‌گه‌ڵ خۆ ده‌مبا و

به‌راوی حه‌زم پێ ده‌کێڵێ و


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  جمعه بیست و ششم فروردین 1390کاتژمێر 18:29     | 

نووسراوه‌ی: فوئاد قامووسی

...

تا به‌که‌ی

به‌ ملوانکه‌ بچڕاوی

ده‌نک گه‌نمی ژیانمان

شانۆ و پێشانگا پێک ده‌هێنن و


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  دوشنبه بیست و دوم فروردین 1390کاتژمێر 22:16     | 

نووسراوه‌ی: فوئاد قامووسی

ژیانه‌وه‌

مه‌خابن

ئاخاوتن له‌ تۆ

زمانی رووت و

لێوی گه‌رم و سوور هه‌ڵگه‌ڕاوی ده‌وێ

ئه‌و لێو و زمانه‌ی

ساڵه‌هایه‌


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  شنبه سی ام بهمن 1389کاتژمێر 1:8     | 

ئه‌م سه‌رده‌مه‌م

هۆنراوه‌ی: هادی ماجدی

 

ماوه‌یه‌که‌ هێنده‌ گریانم میوانه‌ و هێنده‌ ته‌نیایی ئه‌چێژم،

سه‌رم ناپه‌رژێت پێکه‌نم به‌ ده‌م خواوه‌ و

 ده‌سم ناگات چنگ خه‌مه‌ قژی ئازادی و

  بۆم نالوێت له‌ گه‌ڵ به‌خته‌وه‌ری جووت بم!

 

***

وه‌ک وڵام!

هۆنراوه‌ی: سیروان یووسف پوور

 

هاوڕێم!

گریانت بارانه‌ و

ته‌نیاییشت په‌ڵه‌هه‌ور و

سه‌ری ئاڵۆزت ڕه‌هێڵه‌..!

قژی ئازادی ته‌ڕ ئه‌کات تا به‌ شانه‌ی په‌نجه‌کانت بۆی لاده‌یتوو و

به‌ره‌و ژوانی به‌خته‌وه‌ر ڕه‌وانه‌ی که‌یت!

 

+ نووسراوه‌ له‌  یکشنبه بیست و چهارم بهمن 1389کاتژمێر 11:59     | 

نیگا

هۆنراوه‌ی: هادی ماجدی

 

خانم

ئه‌و کاتانه‌ی له‌ به‌دی به‌ختت، به‌ هه‌ڵکه‌وت

سه‌یرانی چاوت له‌ وێستگه‌ی به‌رده‌وامی نیگای ته‌سکم ڕاده‌وه‌ستێت ...،

ئه‌ژیێمه‌وه‌!

مه‌ڕۆ مه‌ڕۆ مه‌ڕۆ

تۆ سه‌یرم که‌

ئه‌شا شاخم ده‌ر هێناوه‌

تۆ سه‌یرم که‌

.

+ نووسراوه‌ له‌  یکشنبه نوزدهم دی 1389کاتژمێر 13:55     | 

پێشکه‌ش به‌ هاوڕێ هادی ماجدی

نووسراوه‌ی:فوئادقامووسی

...

گه‌ر ئاسمان

بکه‌مه‌ کچی

له‌باری هه‌ڵپه‌ڕکێی ده‌ستت و


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  چهارشنبه بیست و ششم آبان 1389کاتژمێر 1:12     | 

 به‌خته‌وه‌ری

هۆنراوه‌ی: هادی ماجدی

 

به‌خته‌وه‌ری

که‌ بسکی خاو و چاوی ڕه‌ش گوڵی که‌لام نیه‌، چییه‌؟

دزه‌ی نیگات له‌ سارده‌ جێ ته‌مای سه‌مام نیه،‌ چییه‌؟

له‌ شاره‌ مه‌رگی ژین ته‌ره،‌ که‌ بۆگه‌نه‌ نه‌وای گه‌شه‌

بزه‌ت به‌ مۆڕه‌ تێئه‌گه‌م ئه‌گه‌ر، خه‌تام نیه‌..، چیه‌؟

مه‌ڕه‌نجه‌ پێت ده‌ڵێم که‌ ڕۆژی چاوه‌که‌ت مه‌به‌سته‌وه‌

شێعر به‌ چاوی تۆ ده‌ژی، شێعر ده‌وام نیه‌، چییه‌؟

ببخشه‌ یاخییه‌ وشه‌، شه‌مامه‌ی نێو شه‌ده‌ی ده‌وێ

که‌ره‌م که‌ گوێ مه‌ده‌ به‌ خه‌ڵک، به‌ توون حه‌یام نیه‌،چییه‌؟

به‌ ئاوی لێوی تۆ به‌نه‌ سوورایی باخی لێوه‌که‌م

هه‌ناسه‌که‌م، هه‌ناسه‌مه‌ قژت، هه‌وام نیه‌، چییه‌؟

به‌ جه‌سته‌یه‌کی دڵمه‌ن و به‌ ده‌ور هه‌واڵی هه‌رزه‌وێژ

که‌ هه‌ست به‌ بۆنی تۆ ئه‌که‌م، گه‌لی وه‌فام نیه‌، چییه‌؟

ده‌ڕۆی له‌ لام به‌ زامه‌وه‌م، تا دێیته‌وه‌ به‌ زامه‌وه‌م

به‌ڕاست ئه‌گه‌ر به‌خته‌وه‌ری مه‌ودای دوو زام نیه‌، چییه‌؟

 

+ نووسراوه‌ له‌  پنجشنبه بیست و نهم مهر 1389کاتژمێر 0:28     | 

میرات

هۆنراوه‌ی: هادی ماجدی

 

هۆنه‌رێکی زامداری مه‌رگی ڕۆژگار،

به‌ چرکه‌یه‌ک پێش له‌وه‌ی په‌پووله‌ی هه‌ستی بسووتێت و

گڕوی ناوی بۆ هه‌میشه‌ به‌ سه‌ر لووتکه‌ی بیره‌وه‌ری بڵێسه‌ بات

به‌ ئاگاداری پرچی با و ڕای وه‌نه‌وشه‌

که‌ل و په‌لی ته‌لاری شێعری دابه‌ش کرد  بۆ میراتگرانی وشه‌..:

((به‌م پێنووسه‌ له‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی هزرمدا بیره‌وه‌ریم ئه‌هۆنیه‌وه‌ و

له‌ به‌ستێنی حه‌یا و یاسا قژی هه‌ستم دائه‌هێنا و ئاژاوه‌ی ژینم ئه‌ڕێسا،

پێشکه‌ش به‌ تۆ!..))

 

((ژوور به‌ ژووری ئه‌م ده‌فته‌ره‌

یادگاری حه‌زلێکه‌ری ئێواران و

خه‌ونی شه‌وانی ڕاسانم بۆ داهاتووی گه‌له‌که‌مه‌،

فه‌رموو بۆ تۆ!..))

 

((هه‌ستم ئاڵی گۆنای کچانی سایه‌ و ته‌لاره‌ و

خڕی مه‌مکی کیژانی دایکی دابڕان.

به‌ بینینی سیمای ڕه‌شی سروه‌ی به‌یان هه‌ڵئه‌چێت و

به‌ نیگای به‌ژن زرافی سه‌ر شه‌قامان ئۆقره‌ ئه‌گرێت،

پێشکه‌ش به‌ تۆ!..))

 

((...

  .....

فه‌رموو بۆ تۆ!..))

 

((...

  .....

پێشکه‌ش به‌ تۆ!..))

 

.

.

پاشان نیگای، به‌ نیگای منه‌وه‌ گرێ دا

و له‌ باخه‌ڵی جانتاکه‌یدا

به‌سته‌یه‌ک جغه‌ره‌ی کۆنی هێنا ده‌ر و ئاخێکی ناخی هه‌ڵکێشا و

به‌ ئه‌سپایی هاته‌ وتن..:

((له‌ شه‌وانی ته‌نیاییدا،

 ئه‌و کاتانه‌ی سه‌رم سه‌ودای ئازادی بوو و ده‌ستم ده‌ستێک نه‌بوو بیگرێت

جغه‌ره‌یه‌کم ئه‌کێشا!

ئه‌مه‌یش پێشکه‌ش به‌ سه‌رده‌می خه‌می بێ بڕانه‌وه‌ی تۆ!!!))

 

+ نووسراوه‌ له‌  پنجشنبه یکم مهر 1389کاتژمێر 2:12     | 

ڕۆژی دووشه‌ممه‌، ڕێکه‌وتی 14ی پووشپه‌ڕ، ئێواره‌ شێعرێک له‌ هۆڵی شانۆیی ئیڕشادی ئیسلامی شاری سه‌قز به‌ هاریکاری و ماندوو بوونی کۆڕی فه‌رهه‌نگی وێژه‌یی مه‌وله‌وی کورد و به‌ تایبه‌ت به‌رپرسی ئه‌م کۆڕه، واته‌‌ کاک خالیدی خاکی به‌ڕێوه‌ چوو و خه‌ڵکی تامه‌زرۆی هه‌ست و وشه‌ و یاخی بوون، توانییان بۆ ماوه‌ی یه‌ک دوو کاتژمێر تێکه‌ڵی دونیای ڕه‌مزاوی هۆنه‌ران بن.

 

 


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  سه شنبه پانزدهم تیر 1389کاتژمێر 1:53     | 

نازانم چۆنت بدوێنم...!

هۆنراوه‌ی: هادی ماجدی

 

گیرۆده‌تم، نازداری ده‌شت و ڕه‌هه‌ندی مه‌زرا و په‌نجه‌

باڵا کوڵی قاقا و پڕمه‌ و هاوار و سێو،

گۆنات سێوێکی نه‌خشاوه‌ و مه‌یل و تاسه‌م جوانترینی تاوانه‌،

ببووره‌...ببووره‌ قه‌ینا بتگه‌زم!؟

 

ئیزنم بده‌ی،

ئه‌ونه‌ی به‌رینی جوانی تۆ

و به‌رزی باڵای ده‌سته‌ خۆشکانی شه‌یدایی

شووشه‌ی شه‌رم، به‌ کڵاشینکۆفی شارێک ئاسه‌واری حه‌یای هه‌ڵچوو ئه‌شکێنم و...

نغرۆم_ نغرۆ...!

 

ئیزنم بده‌ی،

له‌ ئێستاوه‌ تا هه‌میشه‌،

دێم و دێم و دێم

دێم بۆ ماچ و له‌ یه‌ک ئاڵان.

ئه‌مه‌ حه‌ریره‌ یان به‌هه‌شت!؟

بۆی خوایه‌ یان بۆی ژیانه‌!؟...

نغرۆم_ نغرۆ...!

 

گیرۆده‌تم، کابانی ژووری ئێواره‌!

ئه‌ونه‌ی کوێر بوونه‌وه‌ی هه‌ستێک،

جارێک ، دوو جار و سێ جار و...

ئه‌ونه‌ی جوانیت ماندووم له‌ شار،

تکایه‌ له‌ جامی لێوت مێژوویه‌ک هه‌ناسه‌م ده‌وێت!

 

نازانم چۆنت بدوێنم!

چرکه‌ چرکه‌ و شه‌قام شه‌قام

بۆ ئه‌ونه‌ی "ئه‌م کاته‌ت باش" ێکم پێ بێژی

شوێن پێی بیانوو و فێڵ و پلان ئه‌دۆزمه‌وه‌ و

به‌رده‌وامیش له‌ ساته‌ نیگایه‌کی سارد

پێناسه‌ی بێ‌مه‌یلی و دابڕان و توانه‌وه‌ ئه‌خوێنمه‌وه‌...

 

نا_ نازانم چۆنت بدوێنم!

بوونت ده‌ریایه‌ک شادییه‌

سه‌رچاوه‌یه‌ک به‌هاره‌ هه‌ڵبه‌ستی ته‌ڕه‌

هه‌ست پێ کردنت هه‌توانه‌،

ژیانه‌وه‌یه‌

ئۆخژنه‌

سه‌رهه‌ڵدانه‌!..

تینی باوه‌شی په‌خشان و وشه‌ی تازه‌ت

کێوێک زامی سارێژ نه‌بوو و قه‌یره‌ که‌وتوو ئه‌سووتێنێت

قاقای نیگات، له‌ شه‌وگارانی پێکه‌وه‌ بوون و هیوا

هه‌ر له‌ تاریکی چاو ئاوات

تا ئاوس بوونی پێنووس و شێعر هه‌ڵات ‌

ئاسمانێک نوێ بوونه‌وه‌ و بیره‌وه‌ریم پێشکه‌ش ده‌کات!

نا_ نا_ نا_ نازانم چۆنت بدوێنم!

.....

...

.

+ نووسراوه‌ له‌  یکشنبه ششم تیر 1389کاتژمێر 13:32     | 

هۆنراوه‌ی: ئه‌حمه‌دی یاسینی "پشکۆ"

بڕوا،
من ئه سرین نیم
له ژێرپێلوی چاوه‌کانتا
ورد هه‌ڵوه‌رێم،
خۆزگه‌یێ نیم
له گۆڕستانی سینه‌تدا
بنێژرێم و نه‌مبینی‌یه‌وه،
ئه‌من مانگ نیم
له نێو هه‌وری ڕه‌شی ژینا
لێت ون ببم،
ئه‌ستێره نیم
له سه‌ر گازی پشت ڕابکشێی
لێم بڕوانی..
من خه‌یاڵ نیم.
ئه‌من بڕوام
وره‌ی به‌رزم
لوتکه‌ی هیوام
ڕه‌مز و هێمای سه‌رکه‌وتنم،
به‌رخۆدانم
من پڕوشه‌ی وردی تاڤگه‌م
من شه‌تاوم
له گێژوبه‌ند، هه‌ڵدێر و له‌ند
تاده‌می مه‌رگ، ئاویلکه‌دان
دوا هه‌ناسه
هه‌ر له گه‌ڵتام
له گه‌ڵتانم.
تا ئه‌و کاته‌ی هێور هێور
چاوی حه‌زو خولیاکانم
خولیا و هێزی تیانامێنێ
له گه‌ڵتانم...

+ نووسراوه‌ له‌  جمعه سی و یکم اردیبهشت 1389کاتژمێر 13:47     | 

... ...

هۆنراوه‌ی: هادی ماجدی

 

ده‌ڤه‌ری شێعر و چیرۆکم ، وشکه‌ ساڵه و

سێ بایه‌خی نان و نیشتمان و ئه‌وین

بوونه‌ته‌ هه‌وێنی هه‌ڵچوونی پێنووسێک وه‌نه‌وزاوی؛

.


درێژه‌ی بابه‌ت
+ نووسراوه‌ له‌  پنجشنبه بیست و سوم اردیبهشت 1389کاتژمێر 1:17     | 

(بۆ 1ی مانگی ئه‌یار)

هۆنراوه‌ی: هادی ماجدی

 

سه‌یره‌ وێستان

سه‌یره‌ دلۆڤانی زستان

چۆن نافڕن ڕوو له‌ به‌رزی پینه‌ ده‌ستان!!؟

تاریکستانی درۆیه‌ و چه‌که‌ره‌ی شین

چه‌ن نامۆیه‌ بۆ کرێکارێک

شارستان!

+ نووسراوه‌ له‌  سه شنبه هفتم اردیبهشت 1389کاتژمێر 0:37     | 

بابه‌تی کۆن